info@asana12.com
0751 180 1621 || 0770 703 4053

هەواڵ

15 September 2020

کاریگەری ڕۆشنبیری لە ژینگەی زانکۆدا

ڕۆشنبیربوونی مرۆڤ، پرۆسەیەكی پەیوەندیدارە بە قۆناغەكانی ژیانی مرۆڤەكانەوە؛ لەو ڕوانگەیەی کە ئه‌و قۆناغانه‌ تەواوكەر و لێكدانەبڕاوی یەكترین. وێڕای ئه‌وه‌ی ڕۆشنبیربوونی مرۆڤ، دەروازە و لایەنی جۆربەجۆر دەگرێتە خۆ، گرنگییەكی تایبەتیشی لە ژیانی مرۆڤدا هەیە، بەتایبەت بۆ خوێندكارانی زانكۆ، چونكە بە هۆیەوە خوێندكار لە ڕێگەی توێژینەوەی زانستی و ئامرازەكانییەوە، بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی ڕاست و پێكهێنانی چەمكە زانستییەكان ئاراستە دەكرێت.
ئاماده‌سازیی ئەو جۆرە خوێندكارانە، وەك ئامانجێكی گرنگ لە خوێندنی زانكۆدا، بەدوور لە خواستی خوێندكار، بەدیهێنانی قورسە بۆ بیركردنەوەیەكی زانستیی مەنهەجی، فێربوونی شارەزایی و پلان، ڕێكخستن و پۆلێنكردن، خستنه‌کار و بەرهەمهێنانی زانیارییەكان. ئەوەیش ئەو فێربوونەیە، كە تاكی خوێنەر لە ڕێگەیەوە ڕووبەڕووی كێشەكانی ژیانی دەبێتەوە، چونكە ژیان بریتییە لە ڕووبەڕووبونەوەی بەردەوام لەگەڵ كێشه‌كاندا لە ڕێگەی فێربوونی خوێندكارەوە به‌ زانینی مەنهەجییانە؛ بە شێوەیەك کە لە ڕەفتارەكانیدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بێت و، بتوانێت ڕووبەڕووی كێشەكانی ژیان ببێتەوە؛ جگە لەوەی شارەزایییەكی زانستییانە كەڵەكە دەكات، كە لە هەڵوێستەكانیدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌.
زانكۆ: دەزگه‌یەكی پەروەردەیی، فێركاری، ڕۆشنبیری، كۆمەڵگەیی، ژینگەیی و توێژینەوەیییە و، یەكێكە لە كۆڵەكە سەرەكی و نێوەندە پەروەردەیییەکان، کە دەتوانێت ببێتە كرۆكێك بۆ پێكهێنانی كۆمەڵگەیەكی گەورەتر و، لەو ڕوانگەیەوە کە بە كۆمەڵگەی گەنجان ناسراوە، لە داهاتوودا دەتوانێت دەستەبژێرێكی بەرهەمهێن لە ڕۆشنبیر، ڕابەر، زانیاری و پەروەردەیی بێنێتە بوون. بۆیە، زانكۆ دەتوانێت ڕۆڵێكی زیندوو و كاریگەری هه‌بێت لە چاندنی ڕۆحی دیالۆگدا وه‌ک بیروباوه‌ڕ.
خوێندكاری زانكۆ: توێژێكی تایبەتە لەناو كۆمەڵگەدا، كە هەمیشە لە بواری پسپۆڕیی خۆیدا ئومێدی بنیاتنانی داهاتووی لێ دەكرێت. واتە ئەو كەسەیە كە، به‌ مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی زانیاری بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەیه‌کی زانكۆییی پسپۆڕانە و شاره‌زایی، وانە و موحازەرات و ڕاهێنان وەردەگرێت.
چەمكی ڕۆشنبیری: ڕۆشنبیری، دەرەنجامی كارلێكی مرۆڤەكانە لەگەڵ ژینگەكەیاندا. بەو واتایە، بریتییە لە كۆمەڵێك چەمك و ئەو زانینانەی كه‌لتوور و ناسنامەی كۆمەڵگە پێك دەهێنن.
چەمكی دیالۆگ: بریتییە لە كارلێكی نێوان مرۆڤەكان، بە مەبەستی پەیوەندی و بەیەكگەیشتنی مرۆیی و ئاڵوگۆڕی بیرۆكەكان و شارەزایی، كە شێوازی جۆربەجۆر لەخۆ دەگرێت و لە كۆمەڵێك بنەما و كۆڵەكەی سەرەكی پێك دێت؛ هەروەك چۆن چالاكییەكیشە، ڕۆژانە لە ژیاندا پیادەی دەكەین. بۆیە چەند دیالۆگ لە گەشەكردندا بێت، ئەوەندەیش لە ژیانی تاك و كۆمەڵگه‌دا بەرهەمهێن دەبێت و، بەپێچەوانەوە بۆ كیانی تاك و كۆمەڵگه‌، ڕووخێنەر دەبێت.
ڕۆڵی زانكۆ لە ڕۆشنبیربوونی تاكدا:
زانكۆ ڕۆڵی كاریگەری لە ڕۆشنبیركردنی تاكدا هەیە و، یەكێكە لەو بوارانەی پەیوەستە بە زمانی دیالۆگەوە، كە دەتوانێت لە بنیاتنانی ڕایەڵەكانی متمانە و یارمەتی لە نێوان خوێندکاراندا ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبێت؛ جگە لە زیادكردنی ڕۆحی لێبووردەیی و هاوكاری لە گەشەكردن و بنیاتنانی كەسایەتیی خوێندکاردا، بە مەبەستی هەنگاونان لەگەڵ ڕەوڕەوەی گەشەكردنی زانستی و تەكنەلۆژیی نوێدا.
دیالۆگ مەرجی تایبەت بە خۆی هەیە، كە خۆی لە دووركەوتنەوەی دەمارگیری، پێداگری، ڕێزگرتنی وەكیەكی و پەیبردن بە ماف و دووركەوتنەوە لە مەسەلە كەسی و تایبەتەكاندا ده‌بینێته‌وه؛ وێڕای ئەوەی دیالۆگ، بنەما و كۆڵەكە و شێوەی تایبەت بە خۆی هەیە، گەر زارەكی بێت، یان نووسراو، یان ئەوەی پەیوەندیدار بێت بە ئازادیی بیر، كەسایەتییەكانی دیالۆگ، شێوازی بیركردنەوە، خوڵقاندنی ژینگەی هێمن بۆ بیركردنەوەی سەربەخۆ و دیاریكردنی بیرۆكە و ڕێسا و یاسا مەنتقییەكان لە گفتوگۆكردنی شوێنگەی جیاوازدا. وێڕای ئەوە، گرنگیی دیالۆگ لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی وەكیەكی دێت لە نێوان ئایین و تائیفە و مەزهەبە جۆربەجۆرەكان، جێگیریی كۆمەڵگە، جێگیركردنی بەهای پێكەوەژیان، دیالۆگی ئازادیی عەقڵانی، زاڵبوون بەسەر هەڵوێستە دەمارگیری و لایەنگرییەكاندا، دۆزینەوەی هاوسەنگیی كۆمەڵایەتی لەنێوه‌ندە فرەڕۆشنبیرییه‌کانی كۆمەڵگه‌، كرانەوە لە نێوان كه‌لتوورە ڕۆشنبیرییەكان، بەدیهێنانی دەستكەوتە هاوبەشەكان و ڕێزگرتن لە ئازادی و مافەكانی مرۆڤ.
ڕۆڵی زانكۆ لە خوڵقاندنی ڕۆشنبیریی دیالۆگدا:
بەگشتی زانكۆكان لە هێنانه‌كایەی ڕۆشنبیریی دیالۆگدا ڕۆڵی كاریگەر و باش دەگێڕن، لە ڕووی: كەمكردنەوەی دیاردەی توندوتیژی لەنێو زانكۆدا، بە مەبەستی دانانی سنوور، دابینكردنی هۆڵی تایبەت لە پێناو ڕێكخستنی كۆنگرەی ئەلیكترۆنی لە زانكۆكاندا، بە مەبەستی ڕەخساندنی دیالۆگی كارلێكی و زیندوو لە نێوان خوێندکاراندا، ڕێكخستنی چاوپێكەوتن بە شێوەی خولی لە نێوان خوێندکاران و سەرۆكایەتیی زانكۆ و دەستەی كارگێڕی و ئەكادیمییەكاندا، كە یارمەتیدەرە لە گەشەدان بە ڕۆشنبیریی دیالۆگ و ڕادەربڕین، چالاككردنی ڕۆڵی خوێندکاران لە سازدانی مێزگرد و سمینار و وۆركشۆپی دیالۆگی و ڕۆشنبیری، یان هەر چالاكییەكی دی، كە یارمەتیدەرە بۆ بەهێزكردنی ڕۆڵی دیالۆگ لە زانكۆكاندا. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی هاوكاری لە نێوان زانكۆكاندا بایەخێكی زۆری لەسەر گشت ئاستە كارگێڕی و ئەكادیمی و مرۆیی و شارستانییەكاندا هەیە؛ چونكە ئاڵوگۆڕی شارەزایییەكان دەبێتە هۆی گەشەكردنی هاوبەش، كە بەشداری بە گشت عەقڵە ڕۆشنگەر و بەرهەمهێنەرەكانی كۆمەڵگە جۆربەجۆرە مرۆیییەكان دەكات، وێڕای وەگەڕخستنی ئاڵوگۆڕەكان لەسەر ئاستە مرۆیییەكان لە ڕووی ڕۆشنبیرییەوە و گەشەكردنی ئەو پەیوەندییانەیش بۆ بنیاتنانی كار و پرۆژەی خزمەتكردنی زیاتر و خوڵقاندنی دیالۆگ.

15 September 2020

ئامرازەكانی بنیاتنانی ڕۆشنبیری لە زانكۆدا

ژینگەی زانكۆ لە ڕووی پەروەردە، خوێندن، دەستەی بەڕێوەبردن، مامۆستایان، كەرەسە و ئامێرە ئەلتكرۆنی و تەكنەلۆژییەكانەوە، ڕۆڵی كاریگەر دەبینن و، دەتوانن ببنە یارمەتیدەر بۆ بنیاتنانی شارستانییه‌تێكی نوێی كراوە و زیندوو لەگەڵ تایبەتمەندییەكانی ئەوانی دیدا؛ كە خودی ئەم ئامانجەیش پێویستیی بە پلان و بەرنامەیەكی بەرفراوان هەیە كە باوەڕی بە زمانێكی نوێی قسەكردن هەبێت، بە گرتنەبەری شێوازی جۆربەجۆر لە ڕێی ڕاگەیاندن، یان پەیوەندییە گشتییەكانەوە. ئەوەیش هاوئاهەنگی و كاركردنی هەمەلایەنی پێویستە بۆ خوڵقاندنی ژینگەیەكی تەندروستی نێوان تاكەكان، بە ئامانجی خوڵقاندنی باوەڕی ڕاستەقینە بە فەلسەفەی ڕۆشنبیریی دیالۆگ، بەتایبەت لای خوێندكاران، تا ببێتە كه‌لتوور و وەك بیروباوەڕێك ڕەنگدانەوەی لە ڕەفتاری تاكەكاندا بەرجەستە بێت؛ چ لەنێو ژینگەی زانكۆدا وەك خوێندکار، چ لەنێو كۆمەڵگەدا وەك ڕۆڵی هاووڵاتی. گرنگترینی ئەو ئامرازانە لە ڕێی:
1. وانەوە: بە شێوەیەك کە ئەو وانە و بابەتانەی لە پۆلدا باس دەكرێن، پشت بە دیالۆگ و گفتوگۆ ببەستن و، ئاڵوگۆڕ و دەوڵەمەندكردنیان بە زانیاری، یارمەتیدەریان دەبێت لە پەرەپێدانی لایەنە زانستی و ڕۆشنبیرییەكان و زیادكردنی توانای بەیەكگەیشتن و دیالۆگ و گوێگرتن لە ڕای ئەوی دی.
2. پۆلەكانی خوێندن: سازكردنی كۆنگرە و وۆركشۆپ، خولی ڕاهێنان، ئاهەنگ و چاوپێكەوتنی گشتی، گەشتی تەرفیهی (خۆشگوزه‌رانی)ی بەكۆمەڵ، سازدانی سمیناری ڕۆشنبیری و زانستی، ئەنجومەنی خوێندکاری، بەرپرسیارێتییه‌ كۆمەڵایەتییەكان، پێشكەشكردنی یارمەتی بۆ كەمدەرامەتان و هاوكاری لەگەڵ دامەزراوە نیشتمانییەكان. هەمووی ئەوانە، بە تەنیا بێت یان بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ لایەنی دیكەدا، زۆرێك لە بابەتی هەمەڕەنگی بواری گشتی و تایبەتیی پەیوەندیدار بە كۆمەڵگە لەخۆ دەگرێت، كە یارمەتیدەرە لە پەرەپێدانی ڕۆحی لێبووردەیی و دیالۆگ و گەشەكردنی پەیوەندی و هاوكاری لە نێوان دەستەی مامۆستا و خوێندکار و خوڵقاندنی ژینگەی خۆشەویستی و تەباییدا.
3. چالاكیی هەمەڕەنگ: به ‌هۆی كێبڕكێی جۆربەجۆر و چالاكیی هەمەڕەنگی بواری توێژینەوەی زانستی، ڕۆشنبیری، فكری و كۆمەڵایەتی و ئەو چاوپێكەوتنانەوەی کە لەنێو زانكۆدا ئەنجام دەدرێن، یان پەیوەندیدارن بە پێشانگه‌ی په‌رتووك و چالاكییە خێرخوازی و وەرزشییەكانی نێوان كۆلێژەكانی نێو زانكۆ، یان زانكۆكانی تردا.
4. ئاهەنگ و فیستیڤاڵ: تایبەت بەو بۆنانەی پەیوەندیدارن بە جەژنی نیشتمانی و ئاینی و ئاهەنگی دەرچوونەوە، كە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی بنەما و پاڵنەرەكانی ئینتمابوون بۆ نیشتمان و، یارمەتیدەرە بۆ دەرخستنی لایەنەكانی پەیوەندیدار بە دیالۆگ و لێبووردەیییه‌وه؛ كە دەبێتە هۆی كۆڵەكەیەكی گرنگ لە بەهێزكردنی تەبایی و یەكگرتوویی لە نێوان خوێندکاراندا.
5. سەردانی تەرفیهی(خۆشگوزه‌رانی)ی بەكۆمەڵ: لە ڕێی ئەو گەشتانەی زانكۆ لە ناوەوە، یان دەرەوەی وڵات دەیانكات و، یارمەتیدەر دەبن بۆ گەشەكردنی زۆرێك لە توانا و زانیارییەكانی خوێندکار؛ جگە لە متمانەی زیاتر لە نێوان خۆیاندا، هەروەها لە نێوان ئەندامانی دەستەی خوێندندا، كە لە پەرەپێدانی ڕۆشنبیریی دیالۆگ و لێبووردەییدا كاریگەریی دەبێت.
6. پەیوەندی: دروستكردن و پتەوكردنی ڕایەڵەی پەیوەندیی نێوان زانكۆ و توێژە جۆربەجۆرەكانی كۆمەڵگە لە ڕێی پرۆژە و چالاكیی هەمەڕەنگەوە، بە مەبەستی تێكەڵبوون و ئاشنابوون بە ژینگە و خەم و خەونەكانی یەكتری و پێشكەشكردنی هاوكاری و هاوئاهەنگی بۆ چارەی كێشەكان، وەك بەشێكی دانەبڕاو لە یەكتری.
ڕۆڵی زانكۆ لە گەشەپێدانی كۆمەڵگه‌دا:
لە كۆمەڵگە مرۆیییەكاندا زانكۆ بە كۆڵەكەیەكی سەرەكی و بنەڕەتی لە كۆڵەكەكانی بنیاتنانی دەوڵەتێكی سەردەمییانەی كراوە داده‌نرێت، كە لەسەر بنەمای بیری پێشكەوتوو و فێركردن دادەمەزرێت و، هاوکات چەندین مەودای گەورە و مەترسیدار لەخۆ دەگرێت؛ لەبەر ئەوەی كرداری فێربوون، چەندین مەودای كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی هەیە، بەدەر لەوەی كردارێكی بەردەوامە و پەیوەست نییە بە شوێن و زەمەن و نەوەیەكی دیاریكراوەوە. لەمەوە درككردن بە واقعی فێربوون دێتە ئاراوە، كە به‌ شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی، بە لایەنێكی پەیوەندیدار و دیاریكراوەوە گەمارۆ نەدراوە، بەڵکوو ئەركێكی نیشتمانی و ئاكاری و پەروەردەیییە و بەرپرسیارێتییەکەی دەكەوێتە ئەستۆی هەموو كەس و لایەنێك، كە بایەخ بە چارەنووس و داهاتووی میللەتەكەی دەدات. چونکه‌ زانكۆكان بێ بەدیهێنانی كارلێكی نێوان تاك لە لایەك و، ژینگەی بوارە جیاجیاكانی كۆمەڵ لە لایەكی دیكەوە، ناتوانن ڕۆڵی تەواوی خۆیان لە گۆڕانكارییەكانی كۆمەڵگه‌دا بە شێوەی كاریگەرانە بگێڕن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پەیوەندیی زانكۆ، گرێدراوی گۆڕانكارییەكانە و دەبێتە هۆی بەهێزكردنی توانا و كارامەیییەكان و، یارمەتیدەر دەبێت بۆ پتەوكردنی ڕۆحی داهێنان لای تاكەكان. ئەمە خۆی، دەرفەتی بەرهەمهێنان دەخوڵقێنێت و كاریگەری و ئاسەواری باش لەسەر ئاستی دارایی و مووچە بەجێ ده‌هێڵێت. بۆیە ڕۆڵگێڕانی زانكۆكان لەو ئەركەدا، گرنگیی خۆی هەیە و سەرمایەیەكی گەورەیە كە بە هیچ نرخێك ناخەمڵێنرێت، چونكە جووڵە دەخاتە نێو كرداری گەشەپێدانەوە. لەو ڕوانگەیەوە، سیسته‌می فێربوون باڵاترین دامەزراوەیە، كە ئەركی دابینكردنی پێداویستییەكانی كۆمەڵگه‌ دەكەوێتە ئەستۆی، جگە لەوەی سەنتەری سەرەكیشە بۆ توێژینەوەی زانستی و جێبەجێكردن.

15 September 2020

چەند ھەنگاوێک بۆ ھەڵبژاردنی بەشێکی گونجاو لە زانکۆدا

چۆن بەشێکی گونجاو ھەڵبژێریت: بیر لە ئەولەویاتەکانت بکەوە، تەرکیز بکەرە سەر ئامانجەکانت.
ھەڵبژاردنی بەشێک زیاترە لە تەنھا ناوێک لەسەر بڕوانامەکەت. ئەو بەشەی کە خوێندکار بۆی دەڕوات لە زانکۆ دەستدەکێشێت بۆ ناو زۆر لایەنی ژیانی، لەبەر ئەوە ئاگاداربە، با خۆزیا و برییا ڕوونەدات.
بڕیاری ڕۆشتن بۆ چ بەشێک پێویستی بە بیرلێکردنەوەی ورد ھەیە و گرنگی زۆری ھەیە، بە تایبەتی بۆ ئەوانەی کە نمرەی بەرزییان بەدەست ھێناوە و بژاردەی زۆرییان لەبەردەمدایە.
دوای ئەم شەش ھەنگاوە بکەوە بۆ یارمەتیدانت لە بڕیاردانێکی درووست لە ھەڵبژاردنی بەشەکەتدا:
١- لیستەیەک بۆ بەشەکان دەبنێ:
بیرکردنەوە و بەدواداچوون گرنگە کاتێک لیستی ئەو بەشانە دادەنێیت کە بژاردەن لەبەردەستدا، وە بزانیت کە ئەو ھۆکارانە چین کە پێویستە وات لێبکەن لیستەیەکی وا کە باسمان کرد دایبنێیت. نووسەران (برێنن بارنارد و ریک کلارک) داوا لە خوێندکاران دەکەن کە بیربکەنەوە لەو بەشەی کە بۆی دەچن، و جێگەی زانکۆکە( چ شار و شارۆچکەیەکە) و پڕۆگرامی خوێندنەکەت، کەسەکانی کامپس، ھەلەکانی دەرەوەی پۆل، نرخ و تێچوی بەشەکەت، مەسروفات.
٢- ئەولەوییەتەکانت ڕێکبخە:
کاتی خۆت وەربگرە بۆ بیرکردنەوە لە لایەنە باش و خراپەکانی ئەو بەشانەی کە لە لیستی بەشە خوازراوەکانتە. بە ووردی ھەموو ویستن و پێویستییەکانت لە و بەشەی کە بۆی دەچیت لەبەرچاو بگرە، چونکە لانی کەم دەبێت چوار ساڵی زانکۆ و پیشەی ژیانت ببەخشیت پێی.
٣- سەردانی زانکۆ بکە:
سەردانێک بکە بەناو زانکۆدا و و پرسیاری ورد بکە لەسەر ئەو بەشەی کە ئارەزوومەندیت بۆی. بەلایەنی کەمەوە دە بۆ پانزە پرسیار بکە و بزانە چ پرسیاریارێک بکەیت لە کاتی سەردانەکەتدا، واز مەھێنە تاوەکو پرسیارەکانت جواب دەدرێنەوە. وە بزانە ئایا دەستەی مامۆستایان سەرقاڵ و چالاکن لەو بەشەی ئارەزوومەندیت بۆی. ئەگەر بەھۆی کۆرۆناوە بارودۆخەکان بۆ چوون بۆ زانکۆ لەبارنەبێت دەتوانیت بپرسیت لە کەسانی شارەزا لە زانکۆ( چ خوێنکار یا مامۆستا) لە دەرەوەی کامپس( کامپس واتە ناو زانکۆ).
٤ - دووربین بە:
لەخۆت بپرسە دەتەوێت لەکوێ بیت و بگەیت بەچی لە ماوەی تەواوکردنی زانکۆدا، ئەگەر بتوانیت ئیشێکی ماقول دیاری بکەیت لە مێشکتدا کە پێیبگەیت دوای زانکۆ ئەوا بە چڕی لەو بژاردانەی کە ھەتە بیربکەرەوە کە چ بژاردەیەک(بەشێک) باشترین بوار دەبێت کە یارمەتیت بدات لە گەیشتن بەو ئامانجەت.
٥- چارەسەربکە، بسازێ:
نوسەران بارنەرد و کلارک لە نوسینی "ڕاستی سەبارەت بە وەرگیران لە زانکۆ" دەڵێن لە کاتی پڕۆسەی وەرگیران لەزانکۆ، دایک و باوک کەمێک بەشێوەیەکی سەیر مامەڵەدەکەن کە زۆر یارمەتیدەرانە نییە. ئەم نوسەرانە داوا لەخێزانەکان دەکەن پشتگیری لە خوێندکارەکانیان بکەن لە ئەزموونی وەرگرتنییان لەزانکۆدا و وەک دەرفەتێک بۆ ئەوەی پشتگیریکەرییان بن و بەیەکەوە فێربن و بەڕاستی متمانە ببەخشنە منداڵەکانییان. جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە خێزانەکان تەرکیز بخەنە سەر ئەو لایەنانەی کە توانای کۆنتڕۆڵ کردنیان ھەیە، نەک ئە لایەنانەی کە لە سەرووی دەستی ئەوانەوەیە.
٦- نائومێدبوونی وەرنەگیران تێبپەڕێنە:
کاتێک کە ئەنجام دێتەوە و وەرنەگیراویت لەو بەشەی کە داتنابوو، بە ناو ئەزموونێکی قورسدا تێدەپەڕیت، بەڵام ھەوڵبدە کەزۆر بیرنەکەیتەوە و غەمبار نەبیت لە وەرنەگیرانەکەت، چونکە ئاکامێکی خراپتر لەوەرنەگیرانەکەت بریتییە لەوەی کە بھێڵیت نائومێدبوون تەگەرە بخاتە ئەو بەشەی تر کەبۆی دەچیت.

15 September 2020

زانکۆ وەک کارگەی بەرهەمهێنانی مرۆڤی بڕوانامەدار

یەکێک لە پایەکانی پێشکەوتن و گۆڕانی هەر کۆمەڵگەیەک، زانکۆییە. زانکۆ لە زۆر جێگەی دنیادا داینەمۆی گۆڕان و شۆڕش و نوێبوونەوە و پێشخستنی کۆمەڵگە و وەلانانی کولتووری پاشکەوتووە. زانکۆ ڕاستەقینەکان بزوێنەری نوێبوونەوەن. نەک کارگەی بەرهەمێنەری مرۆڤی دەستەمۆ و بڕوانامەدار.
زانکۆ پێویستە کەسانی بیرمەند و فەیلەسوفان بەرهەم بهێنێت و نوێبوونەوە و گۆڕانی بەردەوام فەراهەم بکات. زانکۆ ڕاستەقینەکان جێگایەکن بۆ پەروەردەکردن و ئامادەکردنی مرۆڤ بە ووزەیەکی نوێوە بۆ ئەوەی گۆڕان و پێشکەوتن لە کۆمەڵگەدا دروست بکات. بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بۆگەن نەبێت، دەبێت بەردەوام لە جووڵەدا بیت و داینەمۆی ئەم جوڵەیەش زانکۆییە.
ساڵی ڕابردوو هاوڕێیەکم لە قۆناغی چوارەمی زانکۆ داوای ئەوەیان لێکردبوو سیمینارێک لەسەر بابەتێک پێشكەش بکات و باشترە بابەتەکە پوختەی کتێبێک بێت. ڕووی لە من نا تا کتێبێکی بۆ دەستنیشان بکەم و منیش وەکو ئەرکێکی هاوڕێیانە کتێبێکم بۆ دەستنیشان کرد کە ڕۆمانی نووسەرێکی ئەمەریکی بوو کە هەم چیرۆکەکەی ئاسان بوو هەم بۆ ئێستای نێو زانکۆکانیش تێمەی ڕۆمانەکە گرنگی هەبوو. کورتەی کتێبەکەم بۆ شیکردەوە و گوتیشم خۆشت بیخوێنەرەوە و دواتر سیمینارەکەتی لەسەر ئامادە بکە. دوای دوو هەفتە تەلەفونی بۆ کردم گوتی ناتوانم هیچ ئامادە بکەم هەر لە کتێبەکە تێناگەم و بۆیشم تەواو ناکرێت. کتێبەکە تەنها 230 لاپەڕەی قەبارە مامناوەند بوو. گوتم ئەوە یانی چی؟ ئەویش گوتی ئەمە یەکەمجارمە کتێب بخوێنمەوە. من کەمێک ڕامام ئیتر نەمدەزانی چی بڵێم ناچار پوختەی ڕۆمانەکەم بۆ نووسی و بۆم نارد تا سیمینارەکەی پێ بەڕێ بکات.
بێگومان ئەم نموونەیە ناگشتێنم بۆ هەموو زانکۆکان، بەڵام زانکۆی ڕاستەقینەی نموونەی لەم چەشنە هەر لە ساڵی یەکەمەوە دەکاتە دەرەوە، یان وەهای فێر دەکات کە لە چوار ساڵی زانکۆدا لانی کەم چل کتێب بخوێنێتەوە و هۆگری خوێندنەوە و گەڕان بەدوای مەعریفەی دەکات.
هەر پەیوەست بەم بابەتەوە دەیان هاوڕێی دیکەم بە پێداگرییەکی زۆرەوە ئەوەیان خستۆتەڕوو کە لە زانکۆکاندا فێری هیچی ئەوتۆ نەبوون، بەڵکو ئەگەر خۆیان کونجکۆڵی بەدەستهێنانی زانیاری نەبووبن، ئەوا هەر لە جێگەی خۆیاندا دەمانەوە و بە بڕوانامەداری و بێ هیچ مەعریفەیەکی نوێ ماڵئاواییان لە زانکۆ دەکرد.
دەشێت ئاماژە بە نموونەیەکی دیکە بدەم. هاوڕێیەکم چەند ساڵێک لەمەوبەر بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی تەواو کرد. ئەو هاوڕێیەم دوای تەواوکردنی ئەو بەشە، خۆی باسی دەکرد کە فێری ئەوە نەبووە هەواڵێک بە باشی بنووسێت و ناچار بە هەوڵی خۆی لە دەرەوەی زانکۆ و لە چەند وۆرکشۆپێکی ڕێکخراوە ناحکومییەکاندا فێری نووسینی هەواڵ و داڕشتنی ڕاپۆرت و زۆر شتی دیکەی میدیایی بووە. بێگومان باسکردن لەم نموونانە بۆ بێ بایەخکردنی زانکۆ نییە، بەڵکو دەبێت مامۆستایان و خوێندکاران زانکۆ بکەنە شوێنی بەدەستهێنانی مەعریفە و ئاشنابوون بە دونیای تازە.

15 September 2020

ڕاوێژی ئۆنلاینی خوێندکار

هەر وەک مامۆستا تەحسین حەمە غەریب فەرمووی، لە هەموو زانستەکاندا جیا لە زانستە مرۆیەکان، ئەگەر بتەوێت زانیاری لەسەر شتەکانی ئەو زانستە بزانیت دەبێت کار لەسەر گشت بکەیت، بۆ نمونە لە زانستی فیزیادا دەبینین ئاسن بە گەرمی دەکشێت مس بە گەرمی دەکشێت و هەموو تەنەکان بە گەرمی دەکشێن، ئەو کاتە دەگەینە ئەو ئەنجامەی سەرجەم تەنەکان بە گەرما دەکشێن و ئەم زانیاریە بەکار دەهێنین بۆ کۆنترۆڵ کردنی تەنەکان لە ژیانی خۆماندا، ئەما لە زانستە مرۆیەکاندا دەبێت کار لەسەر تاک بکەین چونکە هەرگیز دوو تاک وەکو یەک نین، هەر وەک فەرمووی هەر کەسێکیان جیهانێکە بۆ خۆی، ئەوجا ڕێگای کارکردنیش لەگەڵ تاکدا بریتییە لە گفتوگۆ کردن، لە ڕێگای گفتۆگۆکەوە مانایەک کەشف دەکەین.
ئێمە لە ئاسانە ١٢ پڕۆژەی ڕاوێژی ئۆنلاینی فێرخوازمان هەیە کە لەلایەن کەسانی شارەزاوە و بە شێوازی ئۆنلاین گفتوگۆ لەگەڵ فێرخوازان دەکەین بە مەبەستی دۆزینەوەی مانایەک لە لای فێرخوازە ئازیزەکان.
ئەمە لە درێژەی بابەتەکە دا دەنرێت (لەبەر ئەوەی ڕاوێژکردن تازەیە بۆیە دەمەوێت زیاتر دیتەیڵی لەگەڵ بێت)
لە ڕاوێژەکەدا فێرخوازەکە ئامانجی ڕاوێژەکە (گفتوگۆکە) دیاری دەکات و لەگەڵ ڕاوێژکارەکەدا کار دەکەن بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.
هەندێک نمونەی ئامانج بۆ ئەوەی زیاتر لە لات ڕوون بێت:
1) خود ناسی .
2) هەڵبژاردنی کۆلێژ یاخود پەیمانگا.
3) زاڵبوون بەسەر فشاری دەروونی و دڵەڕاوکێدا.
4) دانانی پلانی خوێندن.
5) هەر بابەتێکی دیکەی پەیوەست بە خوێندن.
کات و بەرنامەی بەکارهاتوو هەمووی لە ڕێگای گونجان لەگەڵ ڕاوێژکارەکەدا دیاری دەکرێت. بۆ ناو تۆمارکردن بۆ ڕاوێژی ئۆنلاین پەیوەندی بکەن بە:
07707034053 - 07511031334