info@asana12.com
0751 180 1621 || 0770 703 4053

سیستەمەکانی وەرگرتن

سیستەمەکانی وەرگرتنی خوێندکار پێکدێت لە پێنج سیستەم کە بۆ بەرچاوڕوونی خوێندکار بە چەند دێڕێک لە خوارەوە باسی دەکەین

سیستەمی زانکۆلاین

ئەم سیستەمە تەنها تایبەتە بە کۆلێژ و پەیمانگا پزیشکییەکان، لێرەدا خوێندکار بە کۆنمرەی پۆلی ١٢ دەچێتە کێبڕکێی وەرگرتنەوە بۆ زانکۆ و پەیمانگاکان
ئەم سیستەمە ٪٨٠ی ژمارەی کورسیەکان بۆ ئەو خوێنداکارانە دابین کراوە کە دانیشتووی ئەو پارێزگایەن کە زانکۆکەی لێیە ٪٢٠ ەکەی تری بۆ پارێزگاکانی تری هەرێم دابین کراوە

سیستەمی ڕاستەوخۆ

لە سیستەمی ڕاستەوخۆ تەنها کۆلێژەکانی (وەرزش و هونەرە جوانەکان و زانستە ئیسلامییەکان) دەگرێتەوە
کە تێیدا ٪٦٠ نمرەی پۆلی ١٢ و ٪٤٠ تاقیکردنەوەیەکی تایبەت کە لە هەر یەکێک لەو کۆلێژانە پێش کاتی زانکۆلاین دەکرێت و دواتر لەکۆی ئەو دوو ئەنجامە دەبێتە کۆنمرەی خوێندکارەکە بۆ چوونە پێشبڕکێی وەرگرتن لەو کۆلێژانە و ئەو بەشەی تاقیکردنەوەکەی تێدا دەکات دەبێت لە کاتی پڕکردنەوەی فۆرمی زانکۆلاین'ەکەیدا لە یەکەم هەلبژاردن دایبنێت

سیستەمی کریدیت

لەم سیستەمەدا هەژمارکردنی کریدیت بۆ وانە پەیوەندیدارەکانی هەر بەشێک پەیڕەو دەکرێت، واتە کۆنمرەی کۆتایی قوتابی هی پۆلی دوانزە دەخرێتە سەر ٪٧٠ و کۆ دەکرێتەوە لەگەڵ ٪٣٠ نمرەی وانە پەیوەندیدارەکان، کە هەر بەشێک لە زانکۆ و پەیمانگاکان وانەی پەیوەندیداری جیاوازی هەیە، کەمترین کۆنمرەی پێشبرکێ بۆ وەرگرتن بە سیستەمی کریدت بریتی دەبێت لە ٪٦٥ بۆ کۆلێژ وە ٪٦٠ بۆ پەیمانگا
ئەم سیستەمە هەموو بەشەکان دەگرێتەوە جگە بەشە پزیشکییەکان و ڕاستەوخۆکان

سیستەمی ئێواران

لە سیستەمی خوێندنی ئێواراندا پێشکەشکردنی داخوازی خوێندکار بە ڕێگای زانکۆلاینەوە دەبێت و بە هەمان شێوەی پارالێل قوتابی پێویستە کرێی خوێندن بدات، بۆ زانکۆ نابێت لە ٦٠ کەمتر بێت وە بۆ پەیمانگا نابێت لە ٥٥ کەمتر بێت
خوێندنی ئێواران بەپارەیە و کرێی خوێندنی یان وەک پاڕالێڵە یان هەندێک کەمترە
دەربارەی نمرەی وەرگرتن لەم سیستەمەدا، هەمان ڕێنماییەکانی سیستەمی پارالێڵ بۆ ئەمیش دەبێت

سیستەمی پاڕالێڵ

سیستەمی پارالێل یەكێكە لەو سیستەمانەی كە چەند ساڵێكە وەزارەتی خوێندنی باڵا پەیڕەوی دەكات بۆ وەرگرتنی بەشێك لە قوتابیانی قۆناغی یەكەم لە زانكۆ و پەیمانگاکان هەر لە خوێندنی بەیانیاندا، لەبەرامبەردا بڕێک پارە وەردەگیرێت لەفێرخوازەکە، كە تێیدا دوو جۆر قوتابی وەردەگیرێت لەو كۆلێژ و بەشانە، كە جۆری یەكەمیان ئەو خوێنکارانەن بەهۆی گەورەیی تەمەنیان لە زانكۆو پەیمانگاكان لەکاتی بەیانیان وەرناگیرێت، دووەم جۆریشیان ئەو قوتابی و خوێندكارانەن كە نەیانتوانیوە نمرەیەكی شایستە بە حەز و خولیای ئەو كۆلێژ و بەشانە بەدەست بێنن كە ئارەزوویان لێیە
کورسی وەرگرتن دیاری کراوە بۆ هەر بەشێک و خوێندکار بەو کۆنمرەی هەیەتی دەچێتە پێشبڕکێی وەرگرتنەوە
وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ کۆلێژەکان چەند نمرەیەیەکی وەک بەرچاو ڕوونی دیاری کردووە بۆ ئەم سیستەمە، بۆ نموونە
کۆلێژە پزیشکییەکان ٣٠ نمرەی گشتی واتە ٤.٣ نمرەی معدل
کۆلێژە ئەندازەییەکان ٣٥ نمرەی گشتی واتە ٥ نمرەی معدل
بەشەکانی دیکە ٤٥ نمرەی گشتی واتە ٧ نمرەی معدل
ئەمانە هەمووی زیاتر بۆ بەرچاو ڕوونیە و دەکرێت لەو ڕێژەیە زیاتر یان کەمتریش بێت بەپێی خواستی خوێندکارەکانە بۆ ئەو بەشە